14 May, 2022
تراژیدیای دراوی LUNA و UST

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهدی دابەزینێکی بەرچاوی دراوە دیجیتاڵییەکان بووین بەڵام دابەزینی دراوی لونا دابەزینێکی ئاسایی نەبوو. دراوی لونا لە ماوەیەکی کەم دا لە ١٠٠ دۆلارەوە دابەزی بۆ کەمتر لە یەک سنت. بەڵام چی وای کرد لونا بەم شێوەیە دابەزێت؟ ئایا بەردەوام دەبێت لە دابەزین؟ ئایا لە نرخێکی گونجاوە بۆ کڕین؟ لەم بابەتە پوختەیەک دەربارەی پرۆژەی تێرا باس دەکەین.

ئەو شکانە گەورەی نرخی دراوی لونا دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی نێوان دراوەکە لەگەڵ دراوی UST کە دراوێکی جێگیری لۆگاریتمی بوو لە سیستەمی ئیکۆسیستەمی Terra. لە چەند سەرچاوەیەک باس لەوە کراوە کە گرووپێک هێرشی کردووتە سەر دراوەکە بە فرۆشتنی ڕێژەیەکی بەرز لە UST لە دژی دراوەکەو ئیکۆسیستەمی تێرا بەگشتی، بەڵام ئێمە تەنها باسی لایەنی تەنکیکی ئەم ڕووداوە دەکەین. بۆچی دەبێت سیستەمێکی وا گەورە وا بە ئاسانی بکەوێت؟

تێرا ئالگۆریتمێکی دروست کردووە بۆ جێگیرکردنی نرخی UST لە ١ دۆلار کە بەم شێوەیە کاری دەکرد:

بۆ دروست کردنی هەر USTیەک، بای ١ دۆلار لە دراوی لونا کەم دەکات. هەرکاتێکیش نرخی UST لە یەک دۆلار کەمتر ببێت بەشێوەی دراوی لونا دروست دەبێت و دەفرۆشرێت بەرامبەر بە UST تا پشتگیری دراوەکە بکات و بگەڕێنێتەوە یەک دۆلار. بەڵام ئەم مێکانیزمە تەنها بەو مەرجە سەرکەوتوو دەبێت کە خواست لەسەر دراوی UST زۆر بێت، بۆیە تێرا بیری لە ڕێگایەکی تر کردەوە بۆ ئەو کاتەی خواست یاخۆد نرخی دراوەکەیان کەم دەبێت ئەویش کڕینی بیتکۆین و بەکارهێنانی وەک دراوی یەدەگ. 

بەڵام هەر ئەم مێکانیزمە وای کرد دراوی لونا ٩٩.٩٩% دابەزێت. پێش ئەم دابەزینە، زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار دراوی لۆنا لەسەر پرۆتۆکۆلەکانی DeFi لەسەربڵۆکچەینی تێرا قوفڵکرا بوو لەلایەن بەکارهێنەرانەوەو لە بەرامبەردا بڕێکی زۆر UST بە قەرز وەرگیرابوو. کاتێک خواست لەسەر UST کەم بووەوەو نرخەکەی کەمتر بوو لە یەک دۆلار، خستنەڕووی (Supply) لونا دەستی کرد بە زیاد بوون و فرۆشتن تا UST بگەڕێتەوە بۆ ١ دۆلار. لە ئەنجامدا نرخی لونا دەستی کرد بە دابەزین و ژمارەیەکی زۆر لەوانەی پارەیان لە پرۆتۆکۆلەکان قەرز کردبوو لیکوید دەبوون و دراوی لونا زیاتر داخڵی بازار دەبوو بۆ فرۆشتن کە ئەمەش وای کرد نرخی لونا زیاتر دابەزێت و پەستانێکی زۆری فرۆشتن بکەوێتە سەر دراوەکە و لەهەمان کاتدا نرخی UST نەگەڕاوە ١ دۆلار و خستنەڕووی لونا بەردەوام بوو لە زیاد بوون و فرۆشتن و ئەمە هەر دووبارە دەبووەوە تا نرخی لونا بۆ کەمترین نرخی خۆی دابەزی. ئەم مێکانیزمە تا ئەو کاتە بەردەوام بۆ کە سیستەمی تێرایان لەکارخست. دوای لە کار خستنی سیستەمەکەش لونا لە ژمارەیەک ئکسچەینج لابرا و لەوانی تریش Deposit و Withdraw وەستا. بەڵام تیمی تێرا بەردەەوام لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی کاتی و لە ئەنجامدا سیستەمکە دەستی بەکار کردەوەو زیادبوونی خستنەڕووی دراوی لونایان وەستاند تا رزگاری بکەن لە لەناوچوون. 

بەڵام لەدوای ئەم هەموو جەنجاڵە، ئایا هەردوو دراوی LUNA و UST گونجاون بۆ کڕین؟ بەدڵنیاییەوە ئێستا کڕینی ئەم دراوانە لە هەر نرخێک بێت ڕیسکێکی زۆر بەرزە و پێشنیار ناکەین. چارەنووسی پرۆژەکە نادیارە. بەڵام ئەگەر ویستتان بیکڕن، تکایە ئاگاداری جیاوازی نرخەکان بن لە ئکسچەینجەکان و هەروەها ئەمەش لەبەرچاو بگرن کە ڕاکێشانی LUNA لە ئکسچەینجەکان وەستاوە.  

 

بیر لە داهاتوو بکەرەوە، لەگەڵ ئێمە بمێنەوە
تا زیاتر فێربین، توانای زیاترمان هەیە بۆ داهێنان و پەرەپێدان