19 July, 2022
دارایی لامەرکەزی (DeFi) چییە؟

دیفای (DeFi) کە کورتکراوەی Decentralized Financeه بە مانای دارایی لامەرکەزی، یەکێکە لە گەورەترین ڕەوتەکانی پیشەسازی بلۆکچەین و زۆرێک پێیان وایە کە دەبێتە جێگرەوەی جیهانی دارایی ناوەندی یاخۆد مەرکەزی. دیفای زاراوەیەکە وەک چەترە بۆ خزمەتگوزارییە داراییەکانی نێوان دوو کەس (P2P) لەسەر بلۆکچەینە گشتیەکان کە شۆڕشێکە لە ئابووری جیهانیدا دەکات.

 

شارەزایان پێیان وایە کە پەسەندکردنی بەرفراوانی دیفای بەهۆی بەرهەمەکانییەوە کە پێک دێن لە مامەڵە کردن بە دراوە جێگیرەکان (Stablecoins)، قەرزدانی لامەرکەزی یان Yield Farming، ئاڵوگۆڕەکانی لامەرکەزی (DEX)، بیمەی دارایی لامەرکەزی و ماین کردنی نەختینەیی و هتد.

 

دیفای خزمەتگوزارییە داراییەکانی نەریتی و تەقلیدی وەک قەرزدان، بازرگانی، وەبەرهێنان، پارەدان، بیمە و ئەوانی دیکە بەتەواوی دەگۆڕێت و بەشێوازێکی تر پێناسە دەکاتەوە.

 

خزمەتگوزارییە داراییە ئاساییەکان لە بنەڕەتدا مەرکەزین و لەلایەن دەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە داراییەکان و ناوەندەکانی دیکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن بە پێچەوانەی دیفای کە بێ مۆڵەت و لامەرکەزی و بێ سنوورە.

 

بۆ ئەوەی باشتر لە دارایی لامەرکەزی تێبگەین، با سەیری چۆنیەتی کارکردنی دارایی نامەرکەزی بکەین.

 

دارایی مەرکەزی چییە؟

 

لە ژێر سیستەمێکی دارایی ئاسایی یان ناوەندیدا، پارەکەت لە هەژمارێکی بانکیدا هەڵدەگریت کە خاوەندارێتی ئەو دامەزراوە داراییانە دەکات کە وەک دەسەڵاتێکی ناوەندی کاردەکەن. هەر جارێک پارەکەت لە ئەکاونتەکەتەوە خەرج دەکەیت، واتە لەکاتی بەکارهێنانی کارتی بانکیی، پارەیەکت لێ وەردەگرن. هەروەها بانکەکان پارەیەکی دیاریکراو وەردەگرن بۆ هەڵگرتنی پارەکەت و ئەنجامدانی مامەڵەیەکی دارایی.

 

سەرەڕای ئەوەش، چەند هەفتەیەک یان تەنانەت چەند مانگێکی دەوێت بۆ دەستەبەرکردنی قەرزێک لە ژێر سیستەمێکی دارایی ناوەندیدا. جگە لەوەش قەرزەکە تەنها دوای پەسەندکردنی نمرەی قەرز و مێژووی قەرزەکەت مسۆگەر دەکرێت.

 

لە سیستەمی دارایی ناوەندیدا، هەموو مامەڵە داراییەکان لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوەندییەوە چاودێری دەکرێن و بەڕێوەدەبرێن، بەمەش ئاڵۆزتر و گرانتر دەبن.

 

چی دیفای لە دارایی ناوەندی جیادەکاتەوە؟

 

لە دیفایدا، پێویست بە ناوەندە داراییەکان و دامەزراوەی لایەنی سێیەم نییە بەهۆی بەکارهێنانی بلۆکچەین و گرێبەستی زیرەک (Smart Contract)، بەمەش مامەڵە و پارەدان بە چرکەسات ئەنجام دەدرێت. مامەڵەکانی دیفای جگە لە خێرایی، تێچوویەکی زۆر کەمیش ڕۆڵێکی بەرچاو لە گەشەکردنی دەگێڕن. جگە لەوەش، دیفای سیستەمی دارایی بۆ هەر کەسێک بەردەست دەکات کە هێڵی ئینتەرنێتی هەبێت.

 

دیفای چۆن کاردەکات؟

 

دیفای بە تەکنەلۆژیای بلۆکچەین و وەکو جەردەیەکی سەرەکی دابەشکراو کاردەکات و هەموو زانیارییەکان سەبارەت بە مامەڵەکان لە ڕێگەی بلۆکچەینەوە هەڵدەگرێت. ئەم سیستەمە کۆنترۆڵی دامەزراوەکان لەسەر پارە و بەرهەمی دارایی و خزمەتگوزارییە داراییەکان لەناو دەبات. دیفای تۆڕێکی جێی متمانەیە کە بەکارهێنەران کۆنترۆڵی تەواویان پێدەدرێت بەسەر سەروەت و سامان و وەبەرهێنانەکانیاندا واتە پێویستیان لایەنی سێیەم و ناوەندەکان نییە.

 

هەموو مامەڵەکانی بەرنامە لامەرکەزیەکان یاخۆد DApps لەسەر بلۆکچەینەکە بەڕێوەدەچن. بەرنامە لامەرکەزییەکان وەک بەرنامەکانی تری مۆبایل و کۆمپیوتەرن بەڵام لەسەر بڵۆکچەین و هیچ لایەنێکی مەرکەزی کۆنترۆلیان ناکات. ئەم بەرنامانە بە وێب٣ ناسراون لە کاتێکدا بەرنامەکانی تری وەک فەسیبووک و تویتەر و گوگڵ بەشێکن لە وێب٢.

 

سەبارەب بە پشتڕاستکردنەوە بۆ ئەو مامەڵانەی کە لەسەر بلۆکچەین هەڵگیراون، ئەمانە لەلایەن پەیوەندییەکانی بەکارهێنەرانی دیکەوە لە ڕێگەی بلۆکچەینەکەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە بەپێی هێزی ئامێرەکانی بەکارهێنەرانی تر ئەنجام دەدرێن کە لەسەر زنجیرە بلۆکێکی سەلماندنی کار (Proof-of-Work) بەکاردەهێنێت. هەروەها لە حاڵەتی Proof-of-Stake دا، مامەڵەکان بە بەکارهێنانی ئەو تۆکنانە پشتڕاست دەکرێنەوە کە بەکارهێنەران لەسەر بلۆکچەینەکە ستەیکیان کردووە. لە بابەتەکانی داهاتوو زیاتر باسی ستەیک کردن و بە قەرزدانی دراوە دیجیتاڵییەکان دەکەین.

 

بەشێک لە گرنگییەکانی دیفای:

 

  • یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان لامەرکەزیەت و نەبوونی ناوەندە.
  • نەمانی باجی کۆمپانیا و ناوەندە داراییەکان بۆ بەکارهێنانی خزمەتگۆزارییەکانیان.
  • یارمەتیت دەدات پارە لە جزدانێکی مەجازی پارێزراودا پاشەکەوت بکەیت لەبری ئەوەی لە بانکەکاندا بیهێڵیتەوە.
  • هەرکەسێک هێڵی ئینتەرنێتی هەبێت و لە هەر شوێن و کاتێکدا دەتوانێت بەکاری بهێنێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە مۆڵەت هەبێت.
  • ڕێگەت پێدەدات خێراتر مامەڵەکان ئەنجام بدەیت.

 

هەندێک لە بەناوبانگترین جۆرەکانی بەرنامەکانی لامەرکەزی (DApps) بریتین لە:

 

  • گیرفان (واڵێت)ی لامەرکەزی 
  • ئاڵوگۆڕی لامەرکەزی (DEX)
  • پلاتفۆرمی ستەیک کردن (Staking)
  • پرۆتۆکۆڵ و ئەپی قەرزدانی لامەرکەزی
  • مارکێت و پرۆژەکانی NFT
  • پردەکان (Bridges)

هەموو ئەمانە لە چەند بابەتێکی جیاجیادا باس دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنا بن بە جیهانی دیفای. 


لەگەڵمان بن بۆ بابەت و فێرکاری زیاتر 

linktr.ee/kurdex

بیر لە داهاتوو بکەرەوە، لەگەڵ ئێمە بمێنەوە
تا زیاتر فێربین، توانای زیاترمان هەیە بۆ داهێنان و پەرەپێدان