03 June, 2022
NFTیەکان چین؟
NFTs

لەم ماوەیەدا زۆر باس لە تۆکنە نەگۆڕاوەکان (NFT) دەکرێت. لە هونەر و مۆسیقاوە تا مەیموون و کاغەزی تەوالێت، هەموو ئەمانە وەک کارە هونەرییە کۆنەکان دەفرۆشرێن، بە ملیۆنان دۆلار.

بەڵام ئایا NFTەکان شایەنی ئەو پارەیەن؟ هەندێک لە پسپۆڕان دەڵێن ئەوان ترێندێکن کە بۆ درێژمەودا ترێندەکە نامێنێت. هەندێکی تر پێیان وایە NFTەکان لێرەن بۆ ئەوەی بمێننەوە و کاریان پێ دەکرێت. لە درێژەی ئەم بابەتەدا باسی NFT و OAT و POAPەکان دەکەین.

تۆکنی نەگۆڕاو (NFT) سەرمایەیەکی دیجیتاڵییە کە نوێنەرایەتی شتەکانی جیهانی ڕاستەقینە دەکات وەک هونەر، مۆسیقا، بابەتەکانی ناو یارییەکان. هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بوونیان هەیە، بەڵام ئێستا NFTەکان ناوبانگیان بەدەستهێناوە و خەریکە دەبنە ڕێگایەکی بەناوبانگ بۆ کڕین و فرۆشتنی کارە هونەرییە دیجیتاڵیەکان. بازاڕی NFTs تەنها لە ساڵی 2021دا بە بەهای 41 ملیار دۆلار مامەڵەیان پێ کراوە و ئەم بڕە پارەیە نزیکە لە کۆی بەهای تەواوی بازاڕی کارە هونەرییەکانی جیهانی.

پارەی فیزیکی و دراوە کریپتۆکان "گۆڕاون"، واتە دەتوانرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت یان بگۆڕدرێنەوە بە یەکتر. هەروەها لە بەهادا یەکسانن- هەمیشە دۆلارێک بەهای دۆلارێکی دیکەیە؛ بیتکۆینێک هەمیشە یەکسانە بە بیتکۆینێکی تر. توانای گۆڕاوی Crypto وای لێدەکات ببێتە ئامرازێکی متمانەپێکراو بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکان لەسەر بلۆکچەین. تۆکنە نەگۆڕاوەکان جیاوازن. هەریەکەیان واژۆیەکی دیجیتاڵییان هەیە کە وا دەکات نەتوانرێت NFTەکان بە یەکتر بگۆڕدرێنەوە یان یەکسان بکرێن.

سوودی NFTیەکان

هەر کەسێک دەتوانێت وەبەرهێنان لە NFTs بکات. خاوەندارێتی سەروەت و سامان کە بە تۆکن کراوە بەشێوەی NFT دەتوانرێت بە ئاسانی و کاراتر لە نێوان خەڵکی دا لە هەر شوێنێکی جیهان بگوازرێتەوە. هەروەها هونەرمەندەکان سوودێکی زۆریان لەم تەکنەلۆژیایە بینیوە بە فرۆشتنی کارەکانیان بەشێوەی NFT و بەدەست هێنانی هەلی کار لەگەڵ کۆمپانیاکانی دروست کردنی یاری لەسەر بلۆکچەین. یارییەکانیش ئەشیای ناو یاری دەکەنە NFT و جگە لەوەی کە دەتوانیت لەناو یاری بەکاریان بهێنیت، مامەڵەشیان پێوە دەکرێت. گرنگییەکی تری ئەوەیە کە خاوەندارێتی NFT لەلایەن بلۆکچەینێکەوە مسۆگەر دەکرێت. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بۆ نیشاندانی خاوەندارێتی بە شێوەیەکی دیجیتاڵی دەتوانێت خاوەندارێتی وەبەرهێنەرێک پارێزراوتر شەفافتر بکات.

لایەنە خراپەکانی NFT

یەکێک لە گرنگترین لایەنە خراپەکانی NFTیەکان نەبوونی نەختینەیی یە. واتە کاتێک NFTیەک دەکڕیت، بەپێچەوانەی دراوە دیجیتاڵییەکان ناتوانیت ڕاستەوخۆ بفرۆشیتەوە بەرامبەر بە دراوێک بەڵکۆ دەبێت لیستی بکەیت لە مارکێتەکاندا و چاوەڕێی کڕیارێک بیت تا لێت دەکڕێت.

OAT و POAP چین؟

پووئاپ و OAT شێوازێیکی تری NFTیەکانن، بەڵام ئەمانە وەک بڕوانامە و تیکێتن کە لەلایەن پرۆژەکانەوە دەدرێن بە بەکارهێنەرانیان لە بەرامبەر ئەنجامدانی کارێک. ئەم تۆکنانەش وەک NFTیەکانی تر لە بازاڕی NFT مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

پووئاپەکان یاخۆد POAP کورتکراوەی Proof of Attendance Protocolە کە دەسەلمێنن کە تۆ بەشداریت کردووە لە بۆنەیەکی دیاریکراودا. هەروەها OAT کورتکراوەی On-chain Achievement Tokenە کە بەهەمان شێوەی POAP دەسەلمێنێت کە بەشداریت کردووە لە چاڵاکییەکی دیاریکراودا بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە، ئەمە لەلایەن پرۆژەی گالاکسی دروست کراوە و ڕۆژانە چەندین پرۆژەی کریپتو چاڵاکییەکانیان لەسەر پلاتفۆرمی گالاکسی دادەنێن کە دەتوانیت بە ئەنجامدانیان ببیتە خاوەنی ئەم تۆکنانە.

بۆچی OAT و NFTیە بەخۆراییەکان وەربگرین؟ سوودیان چییە؟

تیمی کوردێکس بەشێک لەو چاڵاکییانە لە کەناڵی Kurdex Drops لە تێلێگرام بڵاو دەکاتەوە کە دەتوانن لەگەڵ ئێمە بەشداری بکەن لەم چاڵاکییانە و OAT و NFT بەخۆرایی بەدەست بێنن. سوودی ئەمانە ئەوەیە بەخۆرایی بەرامبەر بە چەند کارێکی ئاسان وەردەگریت و دەتوانیت بفرۆشیتەوە بە Ethereum و دراوەکانی تر. هەرچەندە زۆربەیان نرخێکی زۆر کەمیان هەیە بەڵام دەتوانیت چاوەڕێ بکەیت تا نرخیان بەرز دەبێتەوە. جگە لەوەش زۆربەی پرۆژە نوێیەکان کە تۆکنیان نییە و بەم چاڵاکییانە دەست بەکاردەبن و NFT دەدەنە بەکارهێنەرەکانیان، لەدوای ماوەیەک ئەگەری زۆرە تۆکنیش دروست بکەن و بە ئەیردرۆپ بدەن بە ئەوانەی NFTیەکانیان هەڵگرتووە. لە بابەتێکی تر باسی ئەیردرۆپەکانمان کردووە. پێشنیار دەکەم لەم لینکە بخوێننەوە. https://kurdex.krd/ku/blog

بیر لە داهاتوو بکەرەوە، لەگەڵ ئێمە بمێنەوە
تا زیاتر فێربین، توانای زیاترمان هەیە بۆ داهێنان و پەرەپێدان